پاش کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ، هەدوو لایەن ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 9-9-2026 لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. لەو بارەیەوە هەردوو لایەن ئامادەییان دەربڕی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێبێت.
هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، کە پێکنەهێنانی حکومەت پەیوەستە بە ژیان و گوزەران و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە هەر لایەنێک ببێتە هۆکاری بەربەستی پێکنەهێنانی حکومەت، ئەوا بەرپرس دەبێت بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەر شتێک کە لە داهاتوودا ڕوودەدات.
کۆبوونەوەکە جەختیکردەوە، کە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان هەموو ڕێگەیەکی چارەسەر دەگرینەبەر.
وەک هەمیشە دەرگای گفتوگۆی ئەم هاوپەیمانێتییەمان کراوەیە بە ڕووی هەموو لایەک، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.