وردەکاریی نوێترین چاوپێکەوتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نوێترین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا زانیاریی نوێی لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، یەکێتی و بەغداد و دۆخی ناوخۆیی حزبەکە و چەندین پرسی ناوخۆیی و دەرەکی ئاشکراکرد.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاند، ئێرە سویسرا نییە ئێرە کوردستانە، سەیری دەوروبەرمان بکە چی دەگوزەرێت، ناتوانین نەرم مامەڵە بکەین، نەرم بیت دەتخۆن، هەر کەس دەیەوێت نەرم بێت با بچێتە سویسرا، بۆیە لە مامەڵەکردندا توندم.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندیم لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکان باشە، ئەوان ئۆپۆزسیۆنێکی بەڕێزن، سیاسەت و بیروبۆچوونی خۆیان هەیە، دەستوەردانەکانیان بۆ مەسەلەی خێرە و حەزناکەم قەت ئازاربدرێن، لە داهاتوودا لەگەڵیاندا کۆدەبینەوە.

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وتی، ئێمە لایەنگری کاکە حەمەین، ئەو کێشەیەی هەیانە زیاتر کێشەیەکی خێزانییە، پێمانوایە جوان نییە تا داوامانلێنەکرێت دەستوەردان بکەین.

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکمان نییە، بەڵام پەیوەندییەکم لەگەڵ کاک مەسرور و کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە، من کێشەی تایبەتییم لەگەڵیان نییە، چەند دانیشتنێکمان هەبووە لەگەڵ کاک مەسرور باوەڕیشم وایە دەتوانین متمانە بەیەکتر بکەین ئەگەر دەوروبەر لێمان تێکنەدەن.

باسیلەوەشکرد، کاک مەسرور ئەوە دەبینێت کە ئەگەر بەیەکەوەنەبین ناتوانین باش بەرگریی لە میلەتەکەمان بکەین، زۆرجار ئەمریکییەکان داوامانلێدەکەن ببن بە یەک، بەڵام من دەڵێم هەر کاتێک ئێوە توانیتان کۆماری و دیموکراتەکان ببن بەیەک ئێمەش دەبین، ئێمە دوو حزبی جیاوازین بەڵام ناچارین بەیەکەو کاربکەین.

سەبارەت بە پرسی هەژماری من بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، کاک مەسرور تیمی هەژماری منی نارد ئێمەش تیمێکمان نارد و کۆبووینەوە، چەندین خاڵی باشی تێدابوو، چەند خاڵێکیشی تێدابوو بەدڵمان نەبوو، ئەوان وتیان دەتوانن گۆڕانکاری تێدابکەن، لەم پرسەدا ئەمریکییەکان هاوکار و چەند لایەنێکی دیکەش ئاگادارن، من ئەمە بە تەوتین و هەژماری من نایبینم، پرۆسەی بەبانکیکردنە لە هەرێم جا هەر ناوێکی هەبێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی رایگەیاند، ئێستا یەکێتی لە ساڵی رابردوو باشتر بووە، هێز بووە بە یەک هێز، رای جیاوازمان هەیە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی قسەی لەسەردەکەین، دەمێک ساڵە وا بەیەکەوە نەبووین و بەهێزنەبووین، من زۆر لە یەکێتی رازیم، بەڵام من پێرفێکتیم دەوێت، ئەوەی یەکێتی لەم هەڵبژاردنە کردی، سحر نەبوو، بەرنامەمان دانا و توانیمان بیکەین، هەرگیز گومانم نەبووە، ئەوەی بە خیانەت دۆڕانمان بە سیاسەت بیبەینەوە.

وتیشی، خەڵك ئەنجامی هەڵبژاردنی بەدڵ بوو، بەڵام من بەدڵم نەبوو، چاوەڕێی کورسی زیاتربووم، چەند هەڵەیەکی ستراتیژیمان کرد، دەمێکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆمان ئامادەکردووە، ئەوە ماوە کە بە یەک لیست لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دادەبەزین یاخود نا، بە نارەسمی بە لایەنەکانمان وتووە.

سەبارەت بە بوونی جێگر، وتی بەڵێ من کاک رەفعەت عەبدوڵام بەدڵ بووە بۆ جێگری یەکێتی بۆ کاروباری حزبی، من لەم ماوەیەدا چەندین سەردانی دەرەوەی وڵاتم هەیە پێویستم بە کەسێکە هاوکارم بێت بۆ کاروبارە حزبییەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی.

سەبارەت بە پێکهاتەکانی کوردستان، من گرنگی بە هەموویان دەدەم بەبێ جیاوازی، دەمەوێت ئەوان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن نەک بەکاربهێنرێن لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە، دەمەوێت لەم خولەی پەرلەمان یاسایەک دابنێین بتوانن بە ئازادی پەیڕەوی مافەکانی خۆیان و نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.

سەبارەت بە بەغداد رایگەیاند، مەکتەبێکی سیاسیمان لە بەغداد کردووەتەوە، ئێمە ئەمڕۆ بەشێکین لە عێراق چۆن دەکرێت بەغداد بە گرنگ نەبینین و ئێمە حەز بکەین و حەز نەکەین کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لە بەغداد دەدرێت، سیاسەت لە بەغداد دەکرێت، مووچە لە بەغداد دەدرێت، ئەگەر ئێمە نەزانین مامەڵە لە بەغداد بکەین وەک ئەوە وایە نیوەی شەترەنجەکە بکەین، پەیوەندییەکانی ئێمە لە بەغداد لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکان باشە و بەردەوامیش دەبێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران رایگەیاند، هەردوو لا بۆچوونەکانیان زۆر نزیکە لەیەکەوە بە شێوەیەک خۆیان باوەڕناکەن، من پەیوەندییم لەگەڵ هەردوولا زۆر باشە، حەزدەکەم گفتوگۆکانیان بەرەوپێش بچن، پشتیوانی رێککەوتنەکەیان دەکەم، ئەگەر رێکیشبکەون بارێکی قورس لەسەرشانی هەموولایەک لادەچێت، ئەگەریش رێکنەکەون کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، دەبێت عێراق نیشانیبدات کە بەشێک نییە لە هیچ کام لەو دوو لایەنە.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share