قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هیچ گەلێکی جیهان هێندەی گەلی کورد دژی چەکی کۆکوژ نەبووە و نییە.
ئەمڕۆ شەممە، د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە یەکەمین کۆنفرانسی ناوچەیی بۆ سنووردارکردن، بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ، وتارێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی خوێندەوە.
لە وتارەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، “بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە کوردستان بۆ ئێمەی کورد لە سەدەی بیستەمدا کە گەورەترین قوربانییانی چەکی کۆکوژی و کوشتاری بەکۆمەڵ و جینۆساید بووین، مانایەکی قوڵ و گرنگی هەیە، هیچ گەلێکی جیهان هێندەی گەلی کورد دژی چەکی کۆکوژ نەبووە و نییە، هیچ گەلێکیش وەکو کورد ناتوانێت هاوسۆزبێت لەگەڵ قوربانییانی چەکی کۆکوژ لە گەلەکانی تر”.
راشیگەیاند، “هەمووان بە کارەساتی هەڵەبجە ئاشناین، کە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە، هێشتا خەڵکی ئێمە بەشێوازی جۆراو جۆر بەدەست ئازارەکەیەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە لەپاڵ ئەوەدا، کە دەبێت بە هەموو هێز و توانای خۆمان دژایەتیی چەکی کۆکوژ بکەین، پێویستە پێکەوەش کاربکەین بۆ نەهێشتنی ئاسەوارە دەروونی و ژینگەییە بەردەوامەکانی چەکی کیمیاوی لەسەر خاکەکەمان و خەڵکی هەڵەبجە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە لە کوردستان وەک قوربانییانی گەورەی چەکی کۆکوژ، هەموو توانای خۆمان دەخەینە پاڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهیشتنی چەکی کۆکوژ و خوازیاری جۆرێک لە گەرەنتیین، بۆ دووبارە بەکارنەهێنانەوەی چەکی کۆکوژ، چ لەدژی خەڵکی کوردستان، چ لەدژی هەر گەلێک لە گەلەکانی جیهان”.