سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و ئێستاش لە بەشی چاودێری چڕدایە.
رۆژنامە تورکییەکان بڵاویانکردەوە، سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی وەفدی ئیمراڵی لە دەم پارتی، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە رەوانەی نەخۆشخانەکرا و لە بەشی چاودێری چڕدایە.
هاوکات، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی دەربارەی بارودۆخی تەندوستیی ئۆندەر لە کۆنگەرەیکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەشتەرگەرییەکی چڕی بۆ دەکرێت کە چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، هەروەها دڵی ئۆندەر بارودۆخی زۆر سەختتر و مەترسیدارتری تێپەڕاندووە و ئەم سەختییەش تێدەپەڕێنێت و بەرگەی دەگرێت.
سری سورەیا ئۆندەر، بەدەر لەوەی ئەندامی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە، ئەندامی وەفدی ئیمراڵیش بووە و لە سەردان و گفتووگۆ لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی تورکیادا بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتی، رۆڵی سەرەکی بینیوە.