لە رێوڕەسمێکدا دوکاندارە زیانلێکەوتووەکانى بازاڕى دارەسووتاوەکەى سلێمانى لەلایەن نووسینگەى بەرپرسى سکرتاریەتى سەرۆک مام جەلال قەرەبووى دارایى کرانەوە.
رێوڕەسمەکە نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە نووسینگەى قوباد تاڵەبانى، بەرپرسى سکرتاریەتى سەرۆک مام جەلال لە سلێمانى بەڕێوەچوو.
عەتا محەمەد، لێپرسراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانى رایگەیاند، زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕەکە لە هەمان رۆژی رووداوەکەدا کرایە راپۆرتێک و، قوباد تاڵەبانى بڕیاریدا بە قەرەبوکردنەوەی ماددى زیانلێکەوتووانی بازاڕەکە.
روونیشیکردەوە، قەرەبووکردنەوەکە بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەیە کە لیژنەى تایبەتمەند ئامادەیکردووە.
عەتا محەمەد باسى لەوەشکرد، فراکسیۆنى یەکێتى-ش لە ئەنجومەنى نوێنەران لە هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان لەڕێگەى حکومەتى عێراقەوە و هەوڵەکان لەو رووەوە بەردەوامن.
بەیانیی رۆژى شەممە 5ى نیسان ئاگر لە بەشێکی بازاڕی دارەسووتاوەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە 116 دوکان و چەند شوێنێکی فرۆشتنی خواردەمەنی سووتان.