نوسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی کەمیی بودجەوە، دوو هەزار و 600 کارمەندی لە زیاتر لە 60 وڵاتدا کەمدەکاتەوە.
تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، نوسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر کەم بودجە بوو و لەژێر فشارێکی زۆردا بوو و بەم دواییانەش، کەمیی بودجە بووەهۆی دوورخستنەوەی دوو هەزار و 600 کارمەند.
فلێچەر لە قسەکانیدا ناوی هیچ وڵاتێکی نەخستەڕوو وەک هۆکاری دروستبوونی ئەم قەیرانە داراییە، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد، بەتەنها ئەمریکا گەورەترین بەخشەری هاوکاریی مرۆیی بووە بۆ دەیان ساڵ، هەروەها گەورەترین بەشداربووی سەرچاوەی دەرەوەی بودجە بووە بۆ فەرمانگەکە، کە تەنها لە ساڵی 2025ـدا، بڕی 63 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکردووە.
وتیشی، کۆی بودجەی نوسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 430 ملیۆن دۆلارە بۆ ساڵی 2025.