هاوڵاتییانی چەند وڵاتێک ناتوانن گەشت بۆ ئەمریکا بکەن

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان و یاداشتێکی ناوخۆیی کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە سەپاندنی سنووردارکردنی فراوانی گەشتکردن بەسەر هاوڵاتییانی دەیان وڵاتدا دەکاتەوە.

لە یاداشتەکەدا 41 وڵاتی تێدایە و بەسەر سێ گروپدا دابەشکراون، گروپی یەکەم (ئەفغانستان، ئێران، سوریا، کوبا و کۆریای باکوور)، لەخۆدەگرێت کە ڤیزەیان بەتەواوی رادەگیرێت.

لە گروپی دووەمدا پێنج وڵات هەن کە بریتین لە (ئێریتریا، هایتی، لائۆس، میانمار و باشووری سودان) کە رووبەڕووی راگرتنی ڤیزای گەشتیاری و خوێندکار و کۆچبەری دەبنەوە.

بەپێی یاداشتەکە، لە گروپی سێیەمیشدا، 26 وڵات هەن کە ڤیزای گەشتکردنیان پێنادرێت ئەوانیش بریتین لە، بیلاڕووس، پاکستان، تورکمانستان و چەند وڵاتێکی دیکە، ئەگەر حکومەتەکانیان “هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان لەماوەی 60 رۆژدا نەدەن”.

بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاند، “رەنگە گۆڕانکاری لە لیستەکەدا هەبێت، کە ئەوەش پێویستی بە رەزامەندیی ئیدارەی ئەمریکا هەیە، لەنێویاندا مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا”.

ئەم هەنگاوە لە قەدەغەکردنی گەشتکردن درێژکراوەی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا کە بەسەر گەشتیارانی حەوت وڵاتی زۆرینە مسوڵماندا سەپاندووە، بڕیارەکە چەندین جار پێداچوونەوەی بۆ کرا پێش ئەوەی ساڵی 2018 لەلایەن دادگای باڵاوە پەسەندبکرێت.

رێنمایی و بریارەکانی ترەمپ بەشێکن لە سیاسەتی سەرکوتکردنی کۆچبەران کە لە سەرەتای خولی دووەمی خۆیدا دەستیپێکرد.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share