لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدات.
ئەمڕۆ هەینی، کارنامەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکرایەوە و بەپێی کارنامەکە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتووگۆکە دەربارەی پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبێت.
هاوکات، بڕیارە دانیشتنەکە رۆژی دووشەممە ئەنجامبدرێت و تیایدا دەربارەی پێنج تەوەریی سەرەکیی گفتووگۆ دەکرێت، کە تەوەری یەکەم تایبەتکراوە بە پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
لەماوەکانی رابردوودا، دوو جار خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کرا، بەڵام دەنگدان لەسەری ئەنجامنەدرا، هەربۆیە ناڕەزایەتیی فراکسیۆنە کوردییەکانی لێکەوتەوە و بایکۆتی دانیشتنەکانیان راگەیاند تا ئەوکاتەی پرۆژە یاساکە دەنگی لەسەر دەدرێت.