سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دوای بڕیارەکانی ترەمپ، زیاتر لە 75 وڵات پەیوەندییان بە ئەمریکاوە کردووە بۆ رێککەوتنی بازرگانی.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەندین وڵات، لەناویاندا ژاپۆن، کۆریای باشوور و ڤیێتنام ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەم هەنگاوە بنیاتنانی بەرەیەکی یەکگرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکان لەگەڵ چین.
بێسانت لەبارەی سەپاندنی باجەکانیشەوە جەختی لەوە کردەوە، “رەنگە ئەم باجانە بە دانوستان، یاخود ئەگەر وڵاتانی پەیوەندیدار رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە نەگرنەبەر، کەمبکرێنەوە”.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین پەرەیسەندووە، بەجۆرێک، ئەمریکا بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، باجی لەسەر هاوردەکردنی چین بۆ 125% بەرزکردووەتەوە، ئەمەش ناکۆکیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی زیادکردووە.