قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، ئێمە هاوپەیمانی و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بەرزدەنرخێنین و سوپاس و رێزی زۆرمان هەیە بۆ هەموو هاوكاریی و پشتیوانییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند، لە ئێستاشدا لە هەرێم دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بۆیە داوا لە هاوپەیمانەكانمان دەكەین وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەدا بكەن و بەشداربن لە پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی كوردستان.
وتیشی، “لە پانێڵی كۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی جەختیشمكردەوە هەرێمی كوردستان دەیەوێت لە ئابوریی تاك سەرچاوە دووربكەوێتەوە، هەربۆیە لەم قۆناغەدا گرنگیی زۆر دەدەین بە گەشەسەندن لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و لەم ساڵانەی دواییشدا هەنگاوی زۆر باشمان لەمبارەیەوە ناوە”.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەشڵێت، “بۆ گەشەسەندنی بەردەوام پێویستیمان بە هەنگاوی زۆر گەورەتر و چاكسازی لە شێوازی حكومڕانی و رەخساندنی ژینگەیەكی لەبارتر هەیە بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەكاندا و بە خۆشحاڵییەوە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت كە ئەمەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لە كوردستان و شاری سلێمانی”.