وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو دەنگدەرانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، پشت بە وێنەی چاویان دەبەسترێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ژمارە 12ی ساڵی 2018، کۆمسیۆن لە کارەکانی بەردەوامە.
وتیشی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەر نوێکارییەک کە ئەنجومەنی نوێنەران لە یاسای ئێستای هەڵبژاردنەکان ئەنجامیبدات و لەئێستاشدا، دەستیانکردووە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەتاوەکو ئێستا، هەزار و 79 ناوەند بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانە کراوەتەوە، کە لەدایکبووی ساڵی 2007ـن و مافی دەنگدانیان هەیە، کە ژمارەیان زیاترە لە یەک ملیۆن دەنگدەر.
جومانە غەلای ئەوەشی وت، کۆمسیۆن بۆ نوێکردنەوەی داتای ئەو دەنگدەرانەی کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، لە رۆژی هەڵبژاردندا پشت بە وێنەی چاویان دەبەستێت، بۆ رۆژی هەڵبژاردنیش، دەستیان کردووە بە چاککردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان.
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11/11/2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدەدرێت.