سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو یەکێتی و پارتی لەبارەی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە.
سەمیر هەورامی رایگەیاند، لەماوەکانی رابردوودا لە کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا توانرا رەشنووسێکی کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولا ئامادەبکرێت و رێکەوتن لەسەر ناوەڕۆکەکەی بکرێت، کە ئامانج لێی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و چالاکە بۆ خزمەتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.
وتیشی، رۆژی شەممەی داهاتوو وەفدی دانووستانکاری هەردوولا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی پۆستە وزاری و سیادییەکانەوە دەکەن بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکجارەکی.