حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، پێویستە عومرەکاران پێش 29ی نیسان سعودییە جێبهێڵن و هەر کەسێکیش لە رێگای نایاساییەوە حەج بکات بە 100 هەزار ریالی سعودیی سزا دەدرێت، کە دەکاتە نزیکەی 35 ملیۆن دیناری عێراقی.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانماندا بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، هەر عومرەکارێک سەرپێچی بکات و لەرێگای نایاساییەوە پرۆسەی حەج ئەنجام بدات، رێکاری یاسایی لە دژ دەگیرێتەبەر و بە پێبژاردنی 100 هەزار ریالی سعودیی “نزیکەی 35 ملیۆن دیناری عێراقی” سزا دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، عومرەکاران تاوەکو رۆژی 29ی نیسان رێگەپێدراون بۆ مانەوە لە وڵاتەکەدا و ئەگەر دوای ئەو بەروارە بمێننەوە سزا دەدرێن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵاتی سعودییە بۆ حەجی ئەمساڵ رێوشوێن و ئامادەکاریی تەواوەتی بۆ پێشوازیکردن لە حاجییان گرتووەتەبەر و رەچاوی شوێن و ژمارەی سەردانیکەران کراوە.