هەرچەندە بڕیاربوو سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە، بەڵام دواخرا، پەرلەمانتارێک ئاشکرایدەکات، دەمانەوێت پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، لەپاشان کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکە بەڕێوەبچێت.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەوڵەکانی فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە بەردەوامن، وەک پێشتریش جەختمانلێکردووەتەوە تا یاساکە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە ئێمە بەشداری دانیشتنەکان ناکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و ئەمڕۆش بەرنامەی کار بڵاوبکرێتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دەنگدان بە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە دانیشتنێکی تایبەت بەڕێوەبچێت و هیچ لەمپەڕێک نەیاتە رێگەمان بۆیە، بۆ سبەینێ پێناچێت دانیشتن بکرێت.