کۆریای باشور یەکەم هەنگاو دەنێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بڕیارەکەی ترەمپ

کۆریای باشور یەکەم هەنگاو دەنێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بڕیارەکەی ترەمپ دەربارەی زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی جۆراوجۆر.

ماڵپەڕی چۆ سەنی کۆریی بڵاویکردووتەوە، حکومەتی کۆریای باشور بە نیازە دوو تریلیۆن وۆنی کۆریی کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی بخاتە ناو وەبەرهێنانی پڕۆژەکانییەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کۆریای باشور زەرەرمەندێکی گەورەی بڕیارەکەیە، چونکە قەبارەی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلەکانی بۆ ئەمریکا نزیکەی 50%ـی کۆی گشتی هەناردەکردنی دەگرێتەوە، هەربۆیە زیادکردنی باج لەسەر وڵاتەکە رووبەرووی زیانێكی گەورەی دەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی کۆریای باشور لە رێگای بانکی گەشەپێدانی وڵاتەکەوە، بە بڕی 170 ملیار دۆلار بۆ پێنج ساڵ، پاڵپشتیی دارایی فراوان دەکات تایبەت بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە.

بڕیارەکەی ترەمپ، کە تایبەتە بە زیادکردنی باجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمریکا، زیاتر لە 160 وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە، یەکێک لەو ولاتانەش بریتییە لە کۆریای باشور.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share