ئەمڕۆ شەممە، باجی 10%ـی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر بەرهەمە بەریتانییەکان، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، بڕیارە کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەم هەفتەیەدا لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان سەبارەت بە باجەکان گفتوگۆبکات، ئەمەش دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا و ئیتاڵیا، کە هەرسێکیان کۆکبوون لەسەر ئەوەی “شەڕی بازرگانی زیانێکی زۆری دەبێت”.
لەلایەکی دیکەشەوە، بڕیارە لە ئەمڕۆ شەممەشەوە، باجی ئەمریکا بە رێژەی 10% لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان لە سەرانسەری جیهان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، باجی نوێی گومرگ لەسەر کاڵای وڵاتان دادەنێن، هەر وڵاتێکیش دەیەوێت باج لەسەر کاڵاکانی کەمبکرێتەوە، پێویستە سەرەتا ئەو دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی باج لەسەر کاڵاکانی ئەمریکا بکات.
زۆرترین باجی گومرگی لەسەر کاڵای چین دانراوە کە 34%ـە و کەمترین باجیش لەسەر کاڵاکانی وڵاتی سەنگافورە کە تەنها 10%ـیە؛ ترەمپ ئەم هەنگاوە بە “راگەیاندنی سەربەخۆیی ئابوری” بۆ ئەمریکا وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو باجە نوێیانە یارمەتیدەر دەبن بۆ گەڕاندنەوەی پارەیەکی زۆر بۆ دانەوەی قەرزەکانی حکومەت.