داواکاری گشتیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەر کەناڵ و میدیایەک هەواڵی کوشتن رووماڵ بکات رووبەڕووی رێککاری یاسایی دەبێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری کردووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی رووماڵکردنی رووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ رەچاوکردنی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە کاریگەری لەسەر دەروونی هاوڵاتییان، رەوتی لێکۆڵینەوەکان و ئاڕاستەکردنی رای گشتیی دەبێت.
داوایشکردووە، دەزگاکانی راگەیاندن پابەندبن بە خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە هەواڵانە، بە پێچەوانەوە رێککاری یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.
