زانایان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوڕێیەتییان تێکداوە

زانایانى دەروونناس توێژینەوەیەکیان بە بەشدارى زیاتر لە هەزار و 100 تازەلاوى تەمەن نێوان 13 بۆ 18 ساڵان ئەنجامدا، تیایدا زانیارییان دەربارەى هاوڕێیەتى و ئاستى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دوو کاتى نێوان شەش مانگدا خستەڕوو.

توێژەران تیشکیان خستەسەر ئەو فشارەى لە ئاکامى پێویستیی بە بەردەمى مانەوە لەسەر هێڵى ئینتەرنێت دێتە ئاراوە لەگەڵ هەستەکانى دڵتەنگى یان توڕەیى یاخود بێهیوابوون لە تازە پێگەیشتوواندا کاتێک هاوڕێکانیان لەسەر هێڵ نین و، بۆیان دەرکەوت بێهیوابوون هۆکارى سەرەکییە کە دەبێتەهۆى تێکچوونى هاوڕێیەتى لە پاش شەش مانگ.

فیدیریکا ئەنجلینى، زاناى دەروونناس رایگەیاند، تێڕوانینى تازەپێگەیشتووان بۆ پێوەرەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تایبەتمەندییەکانى هۆکارە بۆ ئەو جۆرە فشارە، کە دەبێتەهۆى دروستبوونى ناکۆکى لە هاوڕێیەتیدا.

وتیشى، “بێ هیوایى لە ئاکامى پێشبینیی بەدینەهاتوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک وەڵامنەدانەوەى هاوڕێیان یان نەبوونى کاردانەوە بە شێوەى چاوەڕوان کراو هۆکارى بەهێزە بۆ رووکردنە ناکۆکى لە هاوڕێیەتیدا”.

زانا دەروونناسەکە رێنوێنیی تازەپێگەیشتووانیش دەکات کە بۆ هاوڕێکانیان روونبکەنەوە کە “هەموو نامەیەک پێویستى بە وەڵامدانەوەى خێرا نییە”.

بەپێى ئامادەکارانى توێژینەوەکە ئەو فشارانەى دیارییان کردووە هاریکار دەبێت لە باشتر تێگەیشتن لە دینامیکى پەیوەندیی نێوان هاوڕێیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها سوودبەخش دەبێت بۆ دانانى سنوورێک بۆ بەکارهێنانى ئینتەرنێت لەلایەن خودى تازەپێگەیشتووانەوە و تەنانەت باوان و مامۆستایانیشیان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share