کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی نەورۆز ئاسمان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی پچر پچر لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت، لە ئەنجامی کاریگەری درێژبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆیەک بۆ سەر ناوچەکەمان ئەگەری بارانبارین و هەورە تریشقە هەیە لەگەڵ زیاد بوونی خێرای با بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابارینی مامناوەند و لێزمە باران دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ پێنجشەممە ئاسمان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانی پچر پچر لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەشێک لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابارینی مامناوەند دەبێت.
ئاشکراشیکرد، پلەی گەرمی نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.