قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە پاتریك دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیان باس لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا كرا.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی یان برێم، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم بەڕێوەچوو، تاوتوێی دوایين پەرەسەندنەكانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت كرا.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە كۆبوونەوەی رۆژی رابردووی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی كرد كە لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێكتێگەیشتنی باش لەسەر پرسە گرنگەكانی پەیوەندیدار بە پێكهێنانی حكومەت دروستبووە.
روونیشیكردەوە كۆبوونەوەكە كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر كۆبوونەوەی داهاتووی وەفدی باڵای دانووستانكاری یەكێتی و پارتی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی كوردستان پێویستی بە حكومەتێكی كارا و بەهێز و خزمەتگوزار هەیە و وتیشی هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كە لە رێككەوتنی ئەمجارەی پێكهێنانی حكومەتدا، میكانیزمی گونجاو دیاریبكرێت بۆ ئەوەی لایەنەكان پابەندبكرێن بە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.