میترۆ: بڕیارەکانى ئەمڕۆى دادگاى سلێمانى بە پشتیوانیی قوباد تاڵەبانى بووە

سەنتەرى میترۆ پشتیوانی لە بڕیارەکانی دادگای تێهەڵچوونەوەى سلێمانى دەكات و دەڵێت، لەلایەن جێگرى سەرۆک وەزیرانەوە پشتیوانى لێکراوە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەنووسان رایگەیاند، پشتیوانی لە دوو بڕیارەكەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەكات و داواشدەكات لە هەموو دادگاكانی دیکەی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەو رێوشوێنانە ببرێت كە دەبنە فاكتەری جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری.

ئەمڕۆ عومەر ئەحمەد، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دوو بڕیاری وەك پشتیوانی بۆ كاراكردنی یاسای رۆژنامەنووسی دەركرد.

یەكەم: دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی و یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت.

دووەم: سەرجەم داواكانی سەرەوە لە دوای كۆتایی هاتنی قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە، حەواڵەی دادگای كەتنی سلێمانی/6 دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەیان.

سەنتەرى میترۆ دەڵێت، بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، پاش كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چەند دەزگایەكی میدیایی و سەندیكا و سەنتەری میترۆ دێت، كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم سەرەتای ئەم مانگە رێكیخستبوو.

روونیشیکردەوە، یەك لەو داواكاریانە كە خرانەڕوو، سكاڵای پەیوەندیدار بە رۆژنامەنووسان و بڵاوكردنەوە، بچێتە بەردەستی دادوەرێكی پسپۆر لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لێكرا.

سەنتەرى میترۆ دووپاتیشیدەکاتەوە، كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرباری یاساكە جارێ هێشتا بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای دیکە لە دادگاكانی هەرێم لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارەبای سیتییەکان

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی كارەبای سیتییەکان نین و ئاگاداری دەرکردنی بڕیارەکە نەبوون و هەموو…
Total
0
Share