ژمارەیەک لە زانایان دووپاتیدەکەنەوە کە گەیشتوون بە بەڵگەى دۆزینەوەى پاشماوەى “کەشتیى پێغەمبەر نوح” کە بەر لە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ مرۆڤایەتى لە لافاوێکى گەورە کە هەسارەى زەوى گرتەوە رزگارکرد، وەک ئەوەى لە قورئان و پەیامە ئاسمانییەکانى دیکەدا هاتووە.
بەپێى ئەو زانیارییانەى رۆژنامەى “دەیلى مەیل”ى بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، تیمێکى توێژینەوەى نێودەوڵەتى گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە و دەڵێن، پاشماوەى کەشتییەکەیان لە ناوچەیەکى دوورەدەستى باکوورى کوردستان دۆزیوەتەوە، رۆژنامەکەش ئاشکرایکردووە کە کاردەکرێت بۆ گۆڕینى کەشتییەکە بۆ ناوچەیەکى گەشتیارى، تا خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانەوە بتوانن بیبینن.
زانایان دەڵێن، گردێکیان لە شێوەى کەشتى لە تورکیا دۆزیوەتەوە و دەرکەوتووە پێشتر بە ئاو داپۆشراوە و دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە پێنج هەزار ساڵ، ئەمەش هەمان ماوەى ئەو لافاوەیە کە رووبەڕووى زەوى بووەتەوە و لە قورئان و ئینجیل-دا باسى هاتووە.
تیمە نێودەوڵەتییەکەى توێژەران دەڵێن، گردێک لە شێوەى کەشتى دەکەوێتە 18 میل (30 کیلۆمەتر) لە باشوورى شاخى ئارارات لە باکوورى کوردستان، کە پاشماوەى بەبەردبووى کەشتییەکى دروستکراو لە دارە.
گردەکە ناوى “تکوین دوروبینار”ە، پێکهاتەیەکى جیۆلۆجییە و بەرزییەکەى 163 مەتر (538 پێ)یە، پێکهاتەکەى جۆرێک لە خامى ئاسنە کە پێیدەوترێت “لیمۆنیت”. بەردەوام ئەم پێکهاتەیە مایەى گرنگیپێدانى توێژەران بووە بەهۆى چونیەکیی شێوەى و پێکهاتەکەى بە نزیکەى لەگەڵ ئەوەى لەبارەى کەشتییەکەوە لە قورئان و کتێبە ئاسمانییەکانى دیکەدا هاتووە.
بەپێى راپۆرتەکەى “دەیلى مەیل” بەڵگەى نوێ هەیە کە ئاماژەدەدات بەوەى گردەکە رووبەڕووى لافاوێکى وێرانکەر بووەتەوە بەر لە پێنج هەزار ساڵ، ئەم چیرۆکەش هاوشێوەى ئەو چیرۆکە ئاینییەى لافاوەکەیە کە ناوچەکەى داپۆشیوە لەنێوان 3000 بۆ 5500 ساڵى بەر لە زایین.
توێژەران دەڵێن، “توێژینەوەکانمان نیشانیدەدەن ناوچەکە شوێنى ژیان بووە لەو کاتەدا، لە قۆناغێکیشدا بە ئاو داپۆشراوە، ئەمەش ئەگەرى روودانى کارەساتێکى گەورە دووپاتدەکاتەوە”.
لە ساڵى 2021ەوە تیمێکى توێژینەوەى هاوبەشى نێوان زانکۆى پۆلیتەکنیکى ئیستەنبوڵ، زانکۆى ئاگرى ئیبراهیم چیچن و زانکۆى ئەندرۆز لە ویلایەتە یەکگرتووەکان توێژینەوە لەسەر شوێنەکە دەکەن لەژێر سەرپەرشتیی تیمى توێژینەوەى شاخى ئارارات و کەشتیى نوح.
لە پانێڵى نێودەوڵەتیی حەوتەمدا کە بەمدواییە ئەنجامدرا، توێژەران بەڵگەى نوێیان خستەڕوو. توێژەران 30 نمونەى گڵ و بەردى دەوروبەرى گردەکەیان وەرگرت و ناردیان بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى ئیستەنبوڵ بۆ شیکردنەوەى. تاقیکردنەوەکان دەریخست کە گڵەکە پاشماوەى ماددەى هاوشێوەى قوڕ، پاشماوەى دەریایی و تەنانەت پاشماوەى زیندەوەرى دەریایى تیایە.
نمونەکان نیشانیشدا کە تەمەنى لەنێوان 3500 بۆ 5000 ساڵدایە.