لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، هەروەها وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئاسیا، کارەبا بەشێوەی 24 کاتژمێری دەدرێتە هاوڵاتییان، بەمدواییەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی رووناکی راگەیاند، کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە.
بەگشتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە چوار رێگەی جیاواز بەرهەمدەهێندرێت:
1- وێستگەی کارەبای غازی
2- بەنداو و وزەی ئاو
3- وزەی خۆر
4- کارەبای هاوردەکراو
لە زۆرێک لە وڵاتان، بەهۆی بوونی یەدەگێکی زۆری غازی سروشتی و هاوکاریی حکومەتەوە، نرخی کارەبا هەرزانە، ئەگەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرین، قەتەر دەبێتە نمونەی ئەم قسەیە. بەمهۆیەشەوە، جێبەجێکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لەو وڵاتانە تائێستا ناڕەزاییەکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە و بەپێچەوانەوە هاوڵاتییان تاکە کێشەیەک کە بیری لێنەکەنەوە، کێشەی کارەبایە.
لە هەرێمی کوردستان ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانییەوە، مۆلیدە ئەهلییەکان تارادەیەک شوێنی نەبوونی ئەو کارەبایەیان پڕکردووەتەوە، بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم، دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پرۆژەی (رووناکی)، کە مەبەست لێى دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری-یە.
بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، بەشێکی بەرچاوى هاوڵاتییان لەم پرۆژەیە نیگەرانن و باسلەوەدەکەن، مانگانە پارەیەکی زۆریان بۆ دێتەوە و تەنانەت لە بەشێک لەو گەڕەکانەی پرۆژەکەی تێدا جێبەجێکراوە، هاوڵاتییان ناچارن کەمترین کارەبا بەکاربهێنن.
سەرەڕای ئەوەی تائێستا نرخێکی فەرمی بۆ کیلۆواتی کارەبا 24 کاتژمێرییەکە دیارینەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نرخی هەر کیلۆواتێک، لەنێوان 100 بۆ 156 دیناردا بێت؛ لێرەدا، بەشێک لە وڵاتانی دەوروبەر وەک نمونە وەردەگرین کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە:
کوەیت – نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کاتژمێرێکدا بە 66 دیناری عێراقییە.
قەتەر – نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کاتژمێرێکدا بە 47 دیناری عێراقییە.
ئێران – نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کاتژمێرێکدا بە 3 دیناری عێراقییە.
ئوردن – نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کاتژمێرێکدا بە 120 دیناری عێراقییە.
بەحرەین – نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کاتژمێرێکدا بە 70 دیناری عێراقییە.
سعودیە – نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کاتژمێرێکدا بە 70 دیناری عێراقییە.
ئەو وڵاتانەی خۆیان بەرهەمهێنەری نەوت و غازن [بە هەرێمی کوردستانیشەوە]، دەتوانن بەشێوەیەکی ئاسانتر کارەبا بەرهەمبهێنن، هەر بۆیە نرخی کارەبا بەراورد بەو وڵاتانەی نەوت و غازیان نییە یاخود کەمە، هەرزانترە.
بەپێی راپۆرتێک، بەگشتی، بەراورد بە وڵاتانی دەرەوەی ئەوروپا، وڵاتانی ئەوروپی نرخی کارەبایان 2-3 هێندە زیاترە لە نرخی کارەبا لە ئەمریکا و، 5-10 هێندەش زیاترە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.