لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوادەکات پێش جەژن مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتیی دابەشبکرێت.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین جار جەختیکردووەتەوە کە مووچە پارێزراوە و هیچ ترسێکی دواکەوتنی نییە، تەنانەت دەتوانن لە وادەی خۆیدا دابەشیبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، جەژنی رەمەزان دەکەوێتە کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو، بۆیە ئەو رۆژانەی دەبێت مووچەی تێدادابەشبکرێت دەکەونە رۆژانی پشووەوە، بۆیە پێویستە دابەشکردنی مووچە چەند رۆژێک پێشبخرێت تا دڵنیاببنەوە پێش وادەی خۆی مووچە بەدەستی مووچەخۆران دەگات.
ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە و هیچ دڵنیاییەکیش نییە لەبارەی ئەوەی پێش جەژن دابەشبکرێت.