وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیەنێت، پلانی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی ئاردی سفریان بۆ سێ ملیۆن تۆن هەیە و دەستبەرداری ئاردی هاوردەکراو دەبن.
حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، زیاتر لە 300 کارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئارد لە چوارچێوەی سیستمی بەشەخۆراکیدا هەیە، ئەمە جگە لەوەی حەوت کارگە، تایبەتن بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر.
وتیشی، پلان هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی کارگەی ئاردی سفر بۆ نزیکەی 30 کارگە لەماوەی داهاتوودا، ئەمەش وادەکات عێراق بتوانێت لەم بوارەشدا خۆبژێوی بەدەستبهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق هەوڵدەدات لە ماوەی (یەک-دوو) ساڵی داهاتوودا، سێ ملیۆن تۆن ئاردی سفر لە ناوخۆدا بەرهەمبهێنێت، ئەمەش وادەکات، پێویستمان بە هاوردەکردنی ئارد لە وڵاتانی وەک (تورکیا، ئیمارات و کوەیت)ـەوە نەمێنێت”.