بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێكەوە خەباتی ژنان جۆشدەدەینەوە و ناهێڵین ئازادییەكانتان لێبسەندرێتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، پێكەوە كار دەكەن بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ژنان و نەهێشتنی جیاكاری و هێنانەدی داواكاری و خواستەكانیان.

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بەبۆنەی 8ی مارسی تایبەت بە رۆژی جیهانی ژنان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە ژنانی كوردستان، عێراق و جیهان دەكەم و هیوادارم ئەمڕۆ سەرەتایەكی جددی و كاركردنی پێكەوەیی هەموومان بێت بۆ پارێزگاریكردن لە مافەكانی ژنان و پشتیوانیكردن لە خەباتیان و نەهێشتنی جیاكاری و هێنانەدی داواكاری و خواستەكانیان”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئێمە باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەكسانی و فراوانكردنی بەشدارییان لە ناوەندەكانی دەسەڵات و بڕیاردا هەیە، لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە چەسپاوە زەمینەی زیاتر دەڕەخسێنین بۆ ژنان تاوەكو لەناو ریزەكانی یەكێتیدا خەبات بكەن و شانبەشانی كاری رێكخراوەییان، پێكەوە خەباتی ژنان جۆشبدەینەوە و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێكدا ئازادییەكانتان لێبسەندرێتەوە”.

جەختی لەوەشكردەوە، “لەم یادەدا سڵاوی وەفاداری دەنێرین بۆ هەموو ئەو ژنە تەوارانەی لە قۆناغەكانی خەباتی كوردایەتی بەشێك بوون لەكۆڕی تێكۆشان و قوربانییان بەخشیوە لەپێناو گەل و خاكەكەماندا، چ وەك ژنە پێشمەرگە و شۆڕشگێر، وەك دایك، مامۆستا، چالاكوان كە لە پێشەوەی كۆڕی تێكۆشاندا بوون، هەمیشە خۆمان بەقەرزارتان دەزانین و وەفاداری ماندوبوون و خەباتتان دەبین”.

سەرۆكی یەكێتی باسی لەوەشكردووە، “هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم، پشتیوان و پارێزەری بەدیهێنانی هەموو خواستەكانتانم و لە ریزی پێشەوەی نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەمتان دەبم، تا ئێوەی ژنان رۆڵی گرنگتر بگێڕن لە هەرێمی كوردستان و وەك هەمیشە بەشێكبن لە سەركەوتن و گۆڕانكارییەكان لە هەموو كایەكانی ژیاندا”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەگەیشتووەتە سلێمانی.. پارێزگاری هەولێر گەیشتنی بەنزینەكەی بەغدادی ڕاگەیاند

پارێزگاری هەولێر گەیشتنی بەنزینەكەی بەغدادی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانیش دەڵێت، هێشتا ئەو بەنزینە نەگەیشتووەتە سلێمانی.…
Total
0
Share