ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەسەدە رایگەیاند، وەڵامی تاوانەکانی گرووپە چەکدارەکانی تورکیایان داوەتەوە و 9 چەکداریان کوشتووە و 11ی دیکەیان لێ بریندارکردوون.
هەسەدە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، دوێنێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانمان لە گوندی هوشەرییەی سەر بە منبج و گوندەکانی سنووری دێر حافز، نۆ ئەندامی گرووپەکانی سەر بە تورکیا کوژران و 11ی دیکەشیان برینداربوون.
باسی لەوەشکردووە، هێزەکانیان ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی گرووپەکانی سەر بە تورکیایان بە ئامانجگرتووە لە سنووری گوندی عتشانە، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نەزاندراون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی مافی رەوای وەڵامدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و گرووپەکانی سەر بە وڵاتەیە، لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە، بۆ سەر ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا”.