ئەنجومەنی نوێنەران یەکەم دانیشتنی خۆی لە مانگی رەمەزاندا ئەنجامدەدات و راپۆرتێک لەبارەی پارێزگاریکردن لە موڵکەکانی دەوڵەت پێشکەش دەکرێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە یەکەم دانیشتن لە مانگی رەمەزاندا بەڕێوەدەچێت و لە بەشێكیدا دەنگ بە پرۆژە یاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە کەرتی تایبەت و تێکەڵ دەدرێت.
ئاشکراشیکرد، لە بەشێکی دیکەدا راپۆرتی لیژنەی کاتی بۆ چاودێریکردنی موڵکی دەوڵەت دەخوێنرێتەوە.
وێرای ئەوەی کۆمەڵێک یاسای زۆر لە ئەنجومەنی نوێنەران ماون و چاوەڕوانن لەم خولەدا دەنگیان لەسەر بدرێت، لە 17 مانگی رابردووەوە هیچ دانیشتنێک ئەنجامنەدراوە.
پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووبووەوە کە لە مانگی رەمەزاندا ئەنجومەنەکە دانیشتنەکانی لە کاتەکانی شەودا ئەنجامدەدات، بەڵام بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی بڵاوکراوەتەوە، لە کاتژمێر 1:00 ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.
