بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم رایدەگەیەنێت، دوای گۆڕینی جۆری مۆڵەتی شۆفێری بۆ دیجیتاڵ، هاوڵاتییان دەتوانن بەو مۆڵەتە لە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی مۆڵەتی نێودەوڵەتییان ھەبێت، ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.
ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “بابەتی مۆڵەتی شۆفێری لەناو بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی بەناوبانگ مۆڵەتی شۆفێری بەدیجیتاڵ کراوە و ئێستا ئەو کارتەی ھاوڵاتی وەکو مۆڵەتی شۆفێری وەریدەگرێت، جیاوازە لەوەی پێشوو، ئەمە بەشێوەیەکی ستانداردی جیھانییە و ھاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری جیھانە”.
دەشڵێت، ئەو مۆڵەتە تەزویر ناکرێت و هاوڵاتی دەتوانێت بەو مۆڵەتە لە دەرەوەی وڵاتیش ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت ھاوشێوەی مۆڵەتی وڵاتانی دیکە، بۆیە ئەگەر مۆڵەتی نێودەوڵەتیشی لا نەبێت، بەو مۆڵەتەی ئێستا ھەیە، دەتوانیت ئۆتۆمبێل لە دەرەوەی وڵات لێبخوڕیت.
وتیشی، “بەپێی رێنمایی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، ئەوانەی تازە دەبنە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری و تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ، پێویستە بەشداری لە خولێکی 21 کاتژمێریی تیۆری و خولێکی 12 کاتژمێریی پراکتیکی بکەن، وانەی فێربوون و بوون بە شۆفێرێکی سەلامەت فێربن و دواتر 12 کاتژمێر لەسەر شەقام ئەوەش دەکەن و مۆڵەتەکانیش چەند جۆریان ھەیە، بۆیە دوای وەستانی دەرھێنانی مۆڵەتی گشتی لە دوو ھەفتەی داھاتوو، دەرھێنانی ئەو جۆری مۆڵەتەش دەستپێدەکاتەوە و ھاوڵاتییان دەتوانن بچن نۆرە بگرن”.