ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی دزیی سەدە، خرایە ناو ئەو کەسانەی لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە.
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەوکەسەی لێبوردنی گشتی دەیگرێتەوە، هەیسەم جبوری-یە، کە یەکێکە لە کەسە سەرەکییەکانی بەشدار لە “دزیی سەدە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک داوامان کرد یاسا لەم کەسانە خۆشنەبێت کە پارەی خەڵکیان دزیوە، تۆمەتبارکراین به دژایەتیکردنی کەسانی بێتاوان و ستەملێکراو.
رۆژی 13/10/2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی دارایی بە وەكالەت رایگەیاند، كۆمەڵێك كەسی دیاریكراو، بڕی 3.7 تریلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار)ـیان لە پارەی باج لەناو بانكی رافیدەین دزیوە و دوای ماوەیەک، سودانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان و گەڕاندنەوەی بەشێک لە پارەکەی راگەیاند.