میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سبەی پێنجشەممە، وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی هاوبەش، سەردانی بەغداد دەکات.
میدیاکانی تورکیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردەوە، سبەی پێنجشەممە، بەغداد میوانداریی دووەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاریی گروپی پلاندانانی هاوبەشی تورکیا و عێراق دەکات و چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکان، وەفدەکەی تورکیا لەلایەن نوح یەڵماز، بریکاری وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت و محەمەد حسێن بەحر علوم، هاوتا عێراقییەکەی، سەرۆکایەتیی وەفدەکەی عێراق دەکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ئیرادەی هاوبەش بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر کارنامەیەکی ئەرێنی و لە چوارچێوەی دامەزراوەییدا دووپات دەکرێتەوە، هەروەها باس لە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە دەکرێت کە لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق واژوو کراون.
هاوکات ئەو سەرچاوانە ئەوەشیانخستووەتەڕوو، رەنگە لە میانەی سەردانەکەدا، وەفدەکەی تورکیا سەردانی هەولێریش بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆببنەوە.