وەزارەتی دارایی عێراق دەنگۆیەک لەبارەی مووچەوە رەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، هیچ لێدوانێکی نەداوە کە گوزارشت لە پەسەندکردنی بڕیاری زیادکردنی مووچەی ئەندامانی سوپا و پۆلیس بکات، هەروەها داوای کەمکردنەوەی مووچەشیانی نەکردووە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەو جۆرە دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، “هەر دەنگۆیەک یان لێدوانێکی هەڵبەستراو بە ئامانجی شێواندنی سیاسەتی دارایی و ژمێریاری، لێپێچینەوەی یاسایی لەسەردەکرێت”.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، “داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە زانیاریی پشتڕاست نەکراوە بڵاونەکەنەوە”.