دەستەی کەشناسیی عێراق بڵاویکردەوە، لە مانگی شوباتدا 30 بومەلەرزە لەناو عێراق روویانداوە کە گوڕەکانیان لەنێوان 1.2 -5.2 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە مانگی شوباتدا 66 بومەلەرزە لە عێراق تۆمارکراون کە 30 یان چەقەکانیان لە ناوخۆی عێراق بووە و 31 یان لەناوخۆی ئێران بووە و پێنجیشیان لە وڵاتی تورکیا بووە.
ئاشکراشیکرد، گوڕی بومەلەرزەکان لەنێوان 1.2 -5.2 پلە بووە بە پێوەری رێختەر لە قوڵایی 3-38 کیلۆمەتری زەوی.
هەر لە راپۆرتەکەی کەشناسییدا هاتووە، لە سلێمانی 11 بومەلەرزە، لە دیالە هەشت بومەلەرزە، چوار بومەلەرزە لە پارێزگای واست، دوو بومەلەرزە لە هەولێر، دوو بومەلەرزە لە دهۆک، دوو بومەلەرزە لە نەینەوا و بومەلەرزەیەک لە سەڵاحەدین روویانداوە.
لە کۆی ئەو بومەلەرزانەی لە مانگی شوباتدا ناوچەکەیان گرتووەتەوە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان لێنەکەوتووەتەوە.