پزیشکێکی ڤێتێرنەری وردەکاریی نوێ لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە ئاشکرادەکات کە ماوەیەکە بەهۆیەوە، دەیان ئاژەڵ لە عێراق مرداربوونەتەوە و باس لە ئەگەری گواستنەوەشی لە ئاژەڵانەوە بۆ مرۆڤ دەکات.
محەممەد جبوری، پزیشکی ڤێتێرنەری لە لێدوانێکدا لەبارەی نەخۆشیی (پێ و دەم) کە بەمدواییە دەیان مانگا و مەڕوماڵات بەهۆیەوە مرداربوونەوە رایگەیاند، نەخۆشییەکە لە ساڵانی 1930ـەوە بڵاوبووەتەوە، نەخۆشییەکی سروشتییە و چەندین جۆری هەیە، هەر وڵاتێکیش جۆری تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لە عێراقدا، چوار جۆری ئەو نەخۆشییە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “نەخۆشییەکە زیانی گەورەی لێدەکەوێتەوە و توشی ئاژەڵە گەورە و بچوکەکانیش دەبێت، گەر لەکاتی خۆیدا چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت؛ ئاژەڵەکان لەماوەی هەفتەیەک تا 10 رۆژ، چاکدەبنەوە”.
سەبارەت بە جۆرەکانی ئەو ئاژەڵانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن، جبوری وتی، ئەو نەخۆشییە توشی مەڕ، بزن، مانگا، گامێش، زەڕافە و ئاسک دەبێت و توشی پەلەوەر نابێت”.
ئەو پزیشکە لەبارەی نەخۆشییەکەوە ئەوەشی روونکردەوە، ئەو نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە و تەنیا لەنێوان ئاژەڵەکاندا، لەڕێی بەرکەوتن، هەوا و دەردراوەوە دەگوازرێتەوە، بەجۆرێک، کەشوهەوای ساردیش، یارمەتیدەردەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری.
ئەوەشیخستەڕوو، رێژەی مرداربوونەوە لە ئاژەڵە بچوکەکاندا زۆر بەرزە، بە 60-70% مەزەندە دەکرێت، بە پێچەوانەی ئاژەڵە گەورەکان کە رێژەی مرداربوونەوەیان 6-7%ـە.
نەخۆشیی پێ و دەم، یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کە توشی بەشێک لە ئاژەڵان دەبێت، ئەم نەخۆشییە بە بڵاوبوونەوە خێرایەکەی ناسراوە، هاوکات زیانێکی زۆری ئابوریشی لێدەکەوێتەوە، بەتایەت لەو وڵاتانەی کە پشت بە ئاژەڵداری دەبەستن وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی خۆراک و داهاتی نیشتمانی.