نەتەوە یەكگرتووەكان: عێراق یەكەمین وڵاتە لەڕووی پیسبوون بە مین

شەڕی داعش و جەنگەكانی ڕابردوو هۆكارن

كاربەدەستێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، داعش ژمارەیەكی زۆری مین و پاشماوەی جەنگی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی جێهێشتووە و دەشڵێت، عێراق یەكەمین وڵاتە لەڕووی ژمارەی مین و ئەڵغامەوە.

بیر لۆدهاس، كاربەدەستی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە كاروباری مین لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چەكدارانی داعش پیسبوونێكی دژواریان لە ناوچە ئازادكراوەكاندا جێهێشتووە، قەبارەی مین و پاشماوەكانی جەنگ لە ئێستادا گەورەترە لەو توانایەی لە بەردەستدایە.

ئەوەشی وت، “ململانێكانی ڕابردووش سەرچاوەی زیادبوونی ئەڵغام و پاشماوەكانی جەنگن كە زۆرینەیان لە هێڵی سنووریی نێوان عێراق و كوەیتدایە، پیسبوونێكی تر بەهۆی مادە تەقێنەرەكانی بۆمبە چێنراوەكانە، هەموو ئەمانە هۆكارە بۆ پێكهێنانی فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەیوەندیدار بە مین لە عێراق بەمەبەستی پشتیوانی حكومەتی بەغداد و گێڕانی ڕۆڵی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا”.

بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دوپاتیشیكردوە، عێراق بەوە جیادەكرێتەوە كە یەكێكە لەو گەورە وڵاتانەی زۆرترین پیسبوونی بە مین و پاشماوەكانی جەنگ و بۆمبی چێندراو هەیە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و سەرچاوە و هەوڵی تایبەت هەیە بۆ پاككردنەوەی وڵاتەكە لێی.

پێشتر عوبێد ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی كاروباری هونەریی دەزگای مینی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شەڕی ئێران و عێراق وایكرد هەموو ناوچە سنوورییەكانی نێوان كوردستان و ئێران لە برادۆستەوە تا پشدەر و خانەقین كە مەیدانی جەنگەكە بوون، پاشماوەی جەنگیان لێبێت، كە خراپترینیان مینڕێژكردنی ئەو ناوچانە بوو”.

ئاماژەی بەوەشكرد، گەورەترین ڕێژەی پیسبوونی زەوی بە مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی نێوان ئێران و عێراق، ئاشكراشیكرد، “بەپێی داتاكانی ئێمە نزیكەی 700 كیلۆمەتری دووجا زەوی لە هەرێم بە مین پیسبوون، بە هەموو ئەو شەڕانەی لە هەرێمی كوردستان ڕویانداوە، بەڵام زۆربەی ئەو ڕێژەیەش دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی عێراق-ئێران”.

بەگوێرەی ئامارەكانی دەزگای مین، لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا 220 كلیۆمەتر دووجا زەوی پیسبوو بە مین ماونەتەوە، كاری تیمەكانی ئەو دەزگایەش بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچانە بەردەوامییان هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share