وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ئاستی هەژاری بۆ خێزان لە هەرێم دیاریكرد و دەڵێت، “هەر خێزانێكی 5 كەسی خەرجیی مانگانەیان لە 685 هەزار كەمتر بێت دەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە”.
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمدا هاتووە، ئەم رووپێوە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێم بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی تەكنیكی و دارایی بانكی دەولی ئەنجامدرا.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەم رووپێوە بە یەكێك لە پڕۆژە ئامارییە هەرە گرنگەكان دادەنرێت مەبەست لە ئەنجامدانی رووپێوەكە زانینی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابوریی خێزانەكانە بەشێوەیەكی گشتی و چەندین بواری جۆراو جۆر لە رێگای پرسیارنامەیەك كە پێكهاتووە لە 25 بەش كە بابەتەكانی (تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەكانی خێزان، پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، پێوانەكردنی جەستە، كار و بێكاری، ئاسایشی خۆراك، كشتوكاڵ، بەشەخۆراك، داهات و خەرجیی تاك و خێزان، قەرز و سولفە، دادپەروەری و ….) لەخۆوە دەگرێت. لەلایەكی ترەوە ئەنجامەكانی ئەم رووپێوە دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ نوێكردنەوەی و دیاریكردنی هێل و رێژەی هەژاری و لەلایەكی تر پشتی پیدەبەسترێت بۆ نوێكردنەوه و هەژماركردنی ژمارەپێوانەییەكان.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، قەبارەی خێزان پێكهاتووە لە 5 كەس، واتە ئەو خێزانانە مانگانە 685 هەزار دینار كەمتر خەرجییان هەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان دەكەونە ژێر هێلی هەژاری، بە هەمانشێوە هەر تاكێكیش 137 هەزار دینار كەمتری هەبێت دەكەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.