ناوەرۆکى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى تەوتینى مووچە ئاشکرادەکرێت

بەرپرسێک لە سەرۆکایەتیی کۆمار ناوەرۆکى بڕیارى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵى تایبەت بە تەوتینى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم ئاشکرادەکات.

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی لە سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی وردەکاریی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵاکەی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێکەوە دەبێت پابەندبن بە ئەنجامدانی تەوتینی مووچەی فەرمانبەران بەپێی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیى عێراقی.

وتیشى، “هەر بەپێى بڕیارەکە پێویستە تەوتین بانکە حکومی و ئەهلییەکان بگرێتەوە و فەرمانبەرانیش سەرپشک و ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان”.

دادگا بڕیاریدا بە دووپاتکردنەوەی بڕیاری پێشووی و پابەندکردنی تەوتین بەپێی رێنمایی تەوتینی بانکی ناوەندى لەڕێگەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و، فەرمانبەران ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکی حکومی یان ئەهلی، هاوڕێ تۆفیق وا دەڵێت.

لە سکاڵاکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق داوایكردبوو وەزارەتی دارایی عێراق بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بەبانكیكردنی مووچەكانیان پابەندبكرێت.

دەقى بڕیارەکەى ئەمڕۆى دادگاى فیدراڵی:

یەکەم: بڕیاردان بە جێبەجێکردنى تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەپێى رێنماییەکانى تەوتین کە لەلایەن بانکى ناوەندیى عێراقەوە دەرچووە لەو بانکانەى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە رێگەپێدانیان هەیە، بەپێى ئەو رێوشوێنانەى لە حکومەتى ناوەندى گیراوەتەبەر، ئەوەش بە هەماهەنگى لەنێوان وەزارەتى دارایى فیدراڵ و وەزارەتى دارایى و ئابوریى حکومەتى هەرێم و، فەرمانبەران ئازادن لە هەڵبژاردنى ئەو بانکەى دەیخوازن بۆ ئەنجامدانى تەوتین.

دووەم: رەتکردنەوەى داواکانى دیکەى سکاڵاکەى سەرۆک کۆمار سەرەڕاى وەزیفەکەى بەهۆى نەبوونى تایبەتمەندییەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share