لەبارەی بوونی مار لە بەنداوی دەربەندیخان كە درێژییەكەی 12 مەترە ڕوونكردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕوونكردنەوە لەبارەی بوونی مار لە نێو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دەدات وەك ئەوەی باسدەكرێت كە درێژییەكەی 12 مەترە و تیرەی 20 سانتیمەترە و جەختیشدەكاتەوە، “تا وەكو ئێستا مار بەو درێژی و قەبارەیە نەبینراوە”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە قەزای دەربەندیخان باس لەوەدەكرێت، مارێكی گەورە بە درێژیی 12 مەتر و بە تیرەی 20 سانتیمەتر لە نێو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بینراوە كە ترس و دڵەڕاوكێی لە لای هاوڵاتیيانی سنوورەكە دروستكردووە.

هەر لەو بارەیەوە سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەوانیش وەكو خەڵك دەنگۆی بینینی مارێكییان بە درێژیی 12 مەتر لە نێو ئاوی بەنداوەكە بیستووە، بەڵام تاوەكو ئێستا وەكو ئیدارەی بەنداوەكە مارییان بەو قەبارە و درێژییە نەبینیوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “بەشێكی زۆری ڕووبەری بەنداوەكە و ئەو شوێنەشی دەوترێت مارەكەی تێدا بینراوە لە ژێر چاودێریی كامێرادایە، بەڵام دوای سەیركردنی دیمەنی تۆماركراوی كامێراكانیش دیمەنی ماری لەو شێوەیان نەبینیوە كە باسدەكرێت”.

هاوكات دڵشاد محەمەد لە ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوو ساڵ بەر لە ئێستا هەمان دەنگۆ بڵاوكرایەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونەكان دەركەوت ئەو دیمەنە مار نەبووە، بەڵكو گیانلەبەرێك بووە لە جۆری ”سەگڵاو”.

ڕاشیگەیاند، “سەگڵاو لە نێو ئاوەكە سەردەردەهێنێت و كاتێك مەلەوانی دەكات بە دوای خۆیدا شەپۆلێك دروستدەكات لە دوورەوە شێوەی لە مار دەچێت، هەر بۆیە گومانەكان لەسەر مارەكە ئەو شەپۆلی”سەگڵاو”يە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “لە سبەینێوە بەدواداچوونی زیاتردەكەن لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە بینینی مار لە نێو ئاوی دەریاچەكەدا.

بابەتی پێشتر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح مەترسییەك لەسەر هاوڵاتییان ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share