وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ گەڕانەوەی ئەو 100 هەزار دینارەی لە مووچەی خانەنشینان بڕدراوە نووسراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت كە رەزامەندی بدات و ئەو بڕە پارەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو 100 هەزار دینارەی بڕدراوە مینحەیە و ساڵانە پێویستی بە نوێكردنەوە و رەزامەندیی هەیە و پێشتر هەرێم خۆی كردوویەتی.
وتیشی، “بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 100 هەزار دینارە نووسراو بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت و چەند پەرلەمانتارێك بەڵێنیان داوە نووسراو بۆ سودانی بكەن تاوەكو رەزامەندی بدات لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو 100 هەزار دینارەی لە مووچەی خانەنشینان بڕدراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەسەر ئاستی هەرێم و پەرلەمانتارانی عێراق نووسراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت تاوەكو ئەو 100 هەزار دینارە بۆ مووچەی خانەنشینان بگەڕێندرێتەوە و گەڕاندنەوەی پارەكەش پێویستی بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە.