سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پلانێكی نوێ بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دادەنرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لە ئۆفیسی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە دانانی پلانێكی نوێی كاركردن بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە لە كاتی خۆیدا ئەنجامدرا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە تەواوكردنی شەقامەكە كرا لە پردی تاسڵوجە تا یەكتربڕ لەگەڵ شەقامی قەرەداغ بە تەواوی بڕگەكانی رێگاكەوە و تەواوكردنی یەكتربڕەكانی ژمارە 12، 13، 14، 15، 16 و 17 تا كۆتایی ئەمساڵ و كردنەوەی ئەو بەشەی شەقامەكە بەڕووی هاوڵاتییاندا كرایە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، چڕكردنەوەی كاركردن لە یەكتربڕەكانی تاسڵوجە ژمارە 11 و 24 سەرچەمی تانجەرۆ و دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكانی رووناككردنەوەی شەقامەكە و كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنیدا بە پێشكەشكردنی پلانێكی چڕ و پڕی كاركردن و تەواوكردنی كارەكان لە ماوەی یاسایی پڕۆژەكەدا.