ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، بڕیاردرا هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگە و پرۆژە پەلەوەرییەکان و ناردنی گۆشتی مریشک و هێلکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەبێ بەرزبوونەوەی نرخەکەی دەستپێبکاتەوە.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و هاوکات ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای زنجیرەیەك گفتوگۆی چڕو کۆبوونەوەمان وەك لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی حكومەتی هەرێم، هاوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ، سەرکەوتوبووین لە رازیکردنی لایەنی پەیوەندیدار لە بەغداد بۆ هەڵگرتنی هەموو رێگرییەکانی بەردەم بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
وتیشی، “هاوکات رێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگە و پڕۆژە پەلەوەرییەکان و کردنەوەی دەرگا بۆ ناردنی گۆشتی مریشک و هێلکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەبێ بەرزبوونەوەی نرخەکەی”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ دەشڵێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆیەکی گرنگ بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پەلەوەری و باشترکردنی دۆخی ئابوریی هەرێم”.