ژمارەیەک خانەنشینی پێشمەرگە لە دژی بڕینی مووچەکانییان گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و رایانگەیاند، بەشێکی زۆری مووچەکانمان بڕدراون و تەنها 500 هەزار بە هەر یەکێکمان دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سلێمانی ژمارەیەک خانەنشینی پێشمەرگە لە دژی بڕینی مووچەکانییان گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و رایانگەیاند، بەشێکی زۆری مووچەکانمان بڕدراون و تەنها بڕی 500 هەزارمان لە کۆی مووچەکانمان وەرگرتووە.
خانەنشینان ئاماژەیان بەوەداوە، خانەنشین هەیە مووچەکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار دیناربووە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەوە 800 هەزاری لێ بڕدراوە و تەنها 500 هەزاری وەرگرتووە.
دەشڵێن، ئەمە ستەمێکی ئاشکرایە کە لە خەڵکی سلێمانی و خزمەتی پێشمەرگە دەکرێت، هەروەها وەک خانەنشینی سەربازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، روونکردنەوەمان لەبارەی هۆکاری بڕینی مووچەکانمان پێنەدراوە و تاوەکو ئێستا هیج لایەنێک هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەمان نەداوە.