سیروان ساڵح شارەزای كەشناسی رایگەیاند، بەهۆی كاریگەریی ناوچەیەكی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و قووڵبوونەوەی كاریگەریی تۆپەڵە هەوایەكی سارد لە بەرەبەیانی سبەینێوە تاوەكو شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە پێشبینیی بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان لە نێوان 5 ملم باران تاوەكو 5 سانتیمەتر بەفر هەیە.
راشیگەیاند، شەپۆلەكە لە ناوچەكانی گەرمیان كاریگەریی زیاتر دەبێت لە تەواوی بەرزاییەكانی باكووری گەرمیان و ناوەڕاستی گەرمیان ئەگەری باران و بەفر هەیە، ئەگەر هەیە لە بەرزاییەكانی نێوان كەركوك، چەمچەماڵ، و نێوان ناحیەی رزگاری بەرەو ناحیەی سەنگاو، بەرزاییەكانی نێوان كەلار پێباز بۆ شێخ تەویل و بەرزاییەكانی داری خلە بڕێكی كەم بەفر ببارێت.
باسی لەوەش كرد، بڕی بارانبارین لە گەرمیان لە نێوان 5 تاوەكو 10 ملم دەبێت لە بەرزایی زیاتر لە 400 مەتر ئەگەری یەك سانتیمەتر بەفر لە زنجیرە چیاكانی باكووری گەرمیان هەیە كە بڕی بەفرەكە زیاتر دەبێت.
وتیشی، “پێشبینیدەكرێت پلەكانی گەرمی بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و لەكاتەكانی شەودا پلەكانی گەرمی لە تەواوی ناوچەكانی گەرمیانیش چەند پلەیەك دەچنە ژێر سفری سەدییەوە”.