دوای ئەوەی بەشێك لە خانەنشینانی عێراق داوای زیادکردنی مووچەکانییان لە مانگی رەمەزاندا کرد، حکومەتی عێراق روونکردنەوەیەکی تایبەت بە داواکارییەکەیان بڵاوکردەوە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بەشێک لە خانەنشینانی عێراق داواکارییەکیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە دەربارەی زیادکردنی مووچەکانیان لە مانگی رەمەزاندا، تا بتوانن پێداویستییەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە مانگەکە دابینبکەن و خۆیان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکاندا بگونجێنن.
ئاماژەیان بەوەداوە، حکومەتی عێراق لەرێگای دەستەی بیمەی کۆمەڵایەتیی عێراقەوە پەیامێکی ئاراستەی خانەنشینان کردووە و رایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی رەسمییان دەربارەی زیادکردنی مووچەکانییان لە مانگی رەمەزاندا نەداوە و ئەوەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە ناڕاستە.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق لە پەیامەکەیدا ئەوەشی رایگەیاندووە “کە تەنها هەواڵ و بابەتەکان لە سەرچاوەی رەسمییەوە وەربگرن و هەر زانیاریی و پێشهاتێکی دروست دەربارەی داواکارییەکەیان بوونی هەبێت، لەرێگای پێگە فەرمییەکانییانەوە بڵاودەکرێنەوە”.