نزیكەی 650 فەرمانبەری كارەبای سلێمانی پێكەوە خانەنشین دەبن و وتەبێژی فەرمانگەكە دەڵێت، تووشی شڵەژانی كردوون.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی جێبەجێكردنی خانەنشینكردنی سێ موالید پێكەوە، 647 فەرمانبەری كارەبا كە پیشە جیاجیاكانی تیایە خانەنشین بوون.
باسی لەوەشكرد، بڕیارێكی لەو جۆرە بە كتوپڕی كاریگەری زۆری دەبێت، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئامادەكاری بۆ نەكراوە و چاوەڕوان نەكراو بووە.
سیروان محەمەد روونیشیكردەوە، كارەبا فەرمانگەیەكی خزمەتگوزارییە و ژمارەیەك بەشی هونەری جیاجیای هەیە، كە پێویستە فەرمانبەری نوێی بۆ بهێنرێت، فەرمانبەری نوێش پێویستی بەكاتە تا فێر دەبێت، بۆیە بڕیارەكە “تووشی شڵەژانی كردووین”.
دووپاتیشیكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت خۆت رێكبخەیتەوە خۆت لەگەڵ واقیع بگونجێنیت.