رۆژی 26ـی 1ـی هەموو ساڵێک، بە رۆژی وزەی خاوێن دادەندرێت لە سەرانسەری جیهاندا، وزەی خاوێن یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە لە جیهاندا و لەچەند رێگایەکی جۆراوجۆرەوە دەتواندرێت بەدەستبهێندرێت.
توێژەرانی بواری ژینگە، ئاماژەیان بەوەداوە، کە بەکارهێنان و پشتبەستن بە وزەی خاوێن کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژینگە و ئاوهەوا دروست دەکات و رێگریش لە پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی ماددەی زیانبەخش دەکات.
سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی وزەی خاوێن بریتین لە سێ جۆری سەرەکی (وزەی با، وزەی خۆر، وزەی ئاو) بەڵام توێژەران دوو جۆری دیکەشیان دیاریکردووە کە بریتین لە (بایۆئینێرجی و تیداڵ ئینێرجی) کە دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی دیکەی وزەی خاوێن سوودیان لێ ببیندرێت.
بە نزیکەیی لە 100 وڵاتی جیهاندا، پشت بە جۆرێک لە جۆرەکانی وزەی خاوێن دەبەسترێت، وڵاتی پاراگوای لە ریزبەندی یەکەم وڵاتدایە بۆ بەکارهێنانی زۆرترین رێژەی وزەی خاوێن، کە %100ـی سەرجەم وزە بەکارهاتووەکانی دەگرێتەوە.