كارەبای سلێمانی خانەنشینكردنی سەدان فەرمانبەری رادەگەیەنێت و دەڵێت، لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو “كێشە”یە كرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەی خانەنشینبوونی فەرمانبەران و چۆنیەتی پڕکردنەوەی میلاکەکانیان كرا کە بەگوێرەی ئامارەکان (647) فەرمانبەر خانەنشین دەبن.
تاوتوێكردنی ئەو پرسە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی ئەندازیار ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی-دا بوو لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرەكانی كارەبای سنوورەكەدا.
خانەنشینكردنی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران پاش بڕیارێكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دێت بە كەمكردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشین بوون لە هەرێم لە (63) ساڵییەوە بۆ (60) ساڵی و، بەهۆیەوە لەدایكبووانی ساڵانی (1962 و 1963 و 1964) خانەنشین كران و لەدایكبووانی ساڵی 1965یش ئەمساڵ بە تەواوكردنی تەمەنی 60 ساڵی خانەنشین دەبن و دەست لەكارترازاندنیان بۆ دەكرێت.
رۆژی پێجشەممەش مامۆستا عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی بڕیاری حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی كەمكردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون بۆ 60 ساڵ، دوو هەزار و 821 كەس لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، كە دە پەروەردەی سنوورەكە دەگرێتەوە، لە مامۆستا و فەرمانبەر بڕیاری خانەنشین كردن دەیانگرێتەوە.
وتیشی، “بڕیارەكە دۆخێكی ناسروشتی دروستكردووە و، بە دڵنیاییەوە دەوام دەوەستێت، نەك تەنها لە سلێمانی بەڵكو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەوەستێت”.
مامۆستا عومەر روونیشیكردەوە، قوتابخانە هەبووە، یەك مامۆستای كەم بووە، نەیانتوانیوە پڕیبكەنەوە، چونكە ئەمساڵ نە دامەزراندن هەبووە، نە وانەبێژی.
نمونەی ئەوەشی هێنایەوە، ئێستا نەك تەنها مامۆستایەك، بەڵكو بۆ نمونە قوتابخانەیەكی وەك ئامادەیی شەهید جەمال تاهیر، 18 مامۆستای پێكەوە بە جارێك خانەنشین دەبن.