دەركەوتنی مەسعود پزیشكیان بە جلوبەرگی جیاوازەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە

دەركەوتنێكی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بە جلوبەرگی كرێكارییەوە لەكاتی كاركردندا كە بەشداریی لە دروستكردنی خوێندنگەیەكدا دەكات، لە میدیاكاندا دەنگدانەوەیەكی بەرچاوی لێكەوتەوە.

ئەو ناوچەیەی پزیشكیان ئەمڕۆ پێنجشەممە تێیدا دەركەوت، پارێزگای خوزستانە لە ئێران، كە دەكەوێتە بەشی باشووری رۆژئاوای وڵاتەكە و هاوسنوورە لەگەڵ هەریەكە لە پارێزگاكانی بەسرە و میسان لە عێراق.

خەڵكی خوزستان، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بەدەست گرفتی كەمئاوی و هەژارییەوە دەناڵێنن و لەو ماوەیەشدا، دەیان جار خۆپیشاندانی بەرفراوانیان ئەنجامداوە؛ تەنانەت لە تشرینی دووەمی ساڵی 2019ـدا، بەرفراوانترین و خوێناویترین خۆپیشاندان لەو پارێزگایەدا ئەنجامدرا، تا كار گەیشتە ئەوەی حكومەتی ئەوكاتەی ئێران، ناچاربوو چەك بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكاربهێنێت، كە بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیانلەدەستدا.

مەسعود پزیشكیان، پاش ئەوەی بەو شێوەیە دەركەوت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەڵێنیدا كە دۆخی خوزستان دەگۆڕێت و وتی، “تا ئێستا وەڵامێكم بۆ ئەو پرسیارە نەدۆزیوەتەوە كە بۆچی لە پارێزگای خوزستان كێشە هێندە زۆرە. بە هاوكاریی ئێوە، دۆخی خوزستان دەگۆڕین”.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتریش هەریەكە لە حەسەن روحانی و مەحمود ئەحمەدی نەژاد، كە هەردووكیان سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بوون، لە سەردانەكانیان بۆ پارێزگای خوزستان، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو پارێزگایەیان دا، بەڵام دۆخی ئەو پارێزگایە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهات و تەنانەت بەرەو خراپتریش رۆیشت.

پزیشكیان لە قسەكانیدا ئەوەشی نەشاردەوە، كە ئەو كێشانەی ئێستا هەن، بەهۆی كردەوەی حكومەتەكانی رابردووەوە بووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، “ئێمە میراتگری حكومەتەكانی پێشووین و هاتووین بە باشترین شێوە كێشەكان چارەسەربكەین”.

دەركەوتنی پزیشكیان بەو جلوبەرگەوە، دانیشتووانی ئێرانی كردووە بە دوو بەشەوە؛ بەشێكیان كارەكە بەرز دەنرخێنن و هیوایان بە گۆڕانكاری هەیە، بەشێكی دیكەشیان رەخنەی لێدەگرن و باس لەوە دەكەن، هەمان سیناریۆی سەرۆك كۆمارەكانی پێشووی ئەو وڵاتەیە و دووبارە دەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share