سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای دیالە رایگەیاند، هەوڵدەدەن لە ماوەکانی داهاتوودا دیالە وەک یەکەم پارێزگای عێراق سوود لە وزەی “بــا” بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەربگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عومەر کەراوی سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای دیالە رایگەیاند، لە داهاتوودا لە پارێزگای دیالە بە سوودوەرگرتن لە وزەی “بــا” کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان دەربارەی پێداویستییەکانی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە.
دەشڵێت، “پارێزگای دیالە پێویستییەکی زۆری بە کارەبا هەیە، چونکە ئەو بڕە کارەبایەی لە پارێزگاکەدا هەیە تەنها بەشی %40ـی کۆی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان دەکات، هەربۆیە وەک یەکەم پارێزگای عێراق هەنگاوی سەرەتایی بۆ ئەم پڕۆژەیە گرتووەتەبەر”.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق بەردەوام پاڵپشتی بەرهەمهێنانی وزەی نوێ دەکات و ئامانجی فراوانکردن و زیادکردنی بواری وزەی نوێیە لە عێراقدا.