وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی مووچەوە راگەیەندراوێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، وەفدی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق جەخت لەچارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران دەكەنەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، رۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتیی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابوری كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و لەگەڵ وەفدی حكومەتی عێراق كە پێكهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق بەڕێوەچوو.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كراو و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی رەسمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوامبێت و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامبدرێت كەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم پێكبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەكە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربن و ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025 .

هاوكات هەر ئەمڕۆ وەفدی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری، لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە و دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوكاریی و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە كردەوە تا بەهاوبەشی داكۆكی لە ماف و شایستەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەوانیی سلێمانی: بەردەوامین لە نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆڵانەكانی شار

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “تیمەكانی سەرۆكایەتیمان بەردەوامە لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و دەستكراوە بە نۆژەنكردنەوە و قیركردنی هەردوو…
Total
0
Share